1/2🌺 «دەرمانی سێزدەهەم»
▫️ ئەی نەخۆشی داماوی دەم بە سکاڵا!
▫️نەخۆشی بۆ هەندێ کەس دەبێت بە گەنجینەیەکی گەورە و دیارییەکی بەنرخی خوایی. هەموو نەخۆشێکیش بۆی هەیە نەخۆشییەکەی خۆی لەو جۆرە نەخۆشییانە بژمێرێت. چونکە دانستی خوای گەورە خواستی وایە کاتی "مردن" دیاری نەکرێت، تاکو مرۆڤ لە نائومێدیی ڕەها و لە بێ ئاگایی ڕەهاش دەرباز ببێت و، لە ناوەندی ترس و ئومێد (الخوف والرجاء)دا بمێنێتەوە. بۆ ئەوەی ژیانی هەردوو دنیای بپارێزێت و، لە کەندەڵانی زەرەرمەندی و ڕسواییدا بەرنەبێتەوە.
🤎 واتە "مردن" هەموو کاتێك دەتوانێت مرۆڤ بەسەر بکات و هیچ شتێك ڕێی لێ نەگرێت!
⬅️ جا ئەگەر لە کاتی بێ ئاگایی مرۆڤدا دەستی خۆی وەشاند، ئەوا زیانێکی زۆر لە هەردوو دنیای دەدات. بەڵام "نەخۆشی" ئەو بێ ئاگاییەی مرۆڤ دەڕەوێنێتەوە و هەمیشە یادی ڕۆژی دوایی لە زەین و دڵ و دەروونیدا ئامادە دەکات. تەنانەت هەندێ جار نەخۆش لە ماوەی بیست ڕۆژی نەخۆشیدا هێندە سوود و قازانجی زۆری دەست دەکەوێت کە نەتوانێت بە ئاسانی لە ماوەی بیست ساڵدا بەدەستی بهێنێت!
⬅️ بۆ نموونە: دوو لاو هەبوون ‒خوا لێیان خۆش بێت‒ یەکێکیان ناوی "صەبری" و خەڵکی گوندی "ئیلاما" و، ئەوی تریان ناوی "مستەفا وەزیرزادە" و خەڵکی گوندی "ئیسلام کۆی" بوو.
🖊 هەرچەند لەناو قوتابییەکانمدا تەنها ئەم دووانە نەخوێندەوار بوون، کەچی هەمیشە لە پلەی یەکەم و پۆلی پێشەوەی وەفا و ڕاستیی خزمەتی ئیماندا دەمبینین. حیکمەتی ئەمەشەم لە کاتی خۆیدا نەدەزانی. بەڵام پاش کۆچی دواییان بۆم دەرکەوت کە هەریەکەیان تووشی نەخۆشییەکی قورس و سەخت بووبوون و، بە ڕێنمایی ئازاری نەخۆشییەکەیانەوە گەیشتبوونە پلەیەکی بەرزی خواناسی و لە خزمەتێکی بەرزدا تێدەکۆشان کە لە ڕۆژی دواییدا سوودیان پێ بگەیەنێت. بە پێچەوانەی ئەو لاوە بێ ئاگایانەی کە تەنانەت فەرزەکانیشیان بەجێ ناهێنن.
لە خوای گەورە دەپاڕێینەوە کە ئەو دوو ساڵە پڕ لە ئازار و نەخۆشییەی دنیایان بۆ بکات بە ملیۆنەها ساڵی بەختەوەری لە ژیانی هەمیشەیی بەهەشتی بەریندا.
ئێستا تێدەگەم کە هەرچی دوعای شیفام بۆ کردوون بووە بە دوعاکردن لێیان! بەڵام لە دەرگانەی خوای گەورە ئومێدەوارم کە نزا و پاڕانەوەکانم بۆ تەندروستیی دواڕۆژیان گیرا بکات!
بەم جۆرە و بەپێی قەناعەتی خۆم، پێم وایە کە ئەم دوو لاوە توانییان قازانجێکی وایان دەست بکەوێت مرۆڤ بە لای کەمەوە بە دە ساڵی تەقوا و هەوڵ و کۆشش ئینجا دەستی بکەوێت.
خۆ ئەگەر ئەوان ‒وەك هەندێ لاو‒ بە تەندروستییەوە بنازینایە و لەو ڕێیەوە خۆیان بەرەو تەڵە و داوی هەرزەیی و بێ ئاگایی پاڵ پێوە بنایە و، "مردن"یش لە کاتی گەوزانیان لەناو قوڕ و لیتەی تاوان و تاریکیی گوناهباریدا دەرفەتی لێ بهانینایە، ئەوا ناو گۆڕەکانیان لانە و کونی مار و دووپشك دەبوو، لە بریی ئەوەی کە ئێستا گەنجینەی نوور و شادمانییە.
🌟جا مادەم نەخۆشی ئەم سوودە زۆرانەی لە دووتوێدایە، ئەوا نابێ سکاڵای لەدەست بکرێت، بەڵکو دەبێ مرۆڤی نەخۆش لە ڕێی تەوەککول و ئارامگرتن و شوکر و ستایشی خوای گەورەوە، هەردەم پشت بە میهرەبانیی خوای گەورە ببەستێت.🌟
🤎🤎🤎🤎🤎🤎🤎🤎
#سەعیدی_نوورسی
#بەدیعوززەمان
ـ
▪️ جەنگی ڕاگەیاندن:تێلیگرام | ئینفۆگرافیک | ئێکس | یوتیوب | ئینستاگرام | فەیسبووک
_









