وەک ئاماژەیەک لەسەختی دەم و زەمانەکە!
جا ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ پێش حەوت ساڵێک، ڕێک کۆڕۆنا لەو مەرگەساتانە بوو، کە کەسی نەهێشت، نوێژ لەسەر مردووت بکات!
ئەگەر بیرکەینەوە، هەرچەند لەبەر سەختی یادەوەرییەکان، هەر خۆمانی لێ ئەدزینەوە، ئێمە لەکۆڕۆنادا زۆر زانا و کەسایەتی بەرزمان لەدەستچوو، بەڵام دۆخەکە هێندە سەخت بوو، نەتئەزانی شینی کێ بکەیت!
کاک ئاسۆ(خوا عەفویکا) بە کۆڕۆنا وەفاتی نەکرد، بەڵام ڕێک لەسەرەتای بڵاوبوونەوەیدا بوو، بۆیە تاڕادەیەک ڕۆشتە ڕیزی لەبیرکراوانی کۆڕۆناوە.
ئەم پیاوە، ڕێک دەستەواژەی (پیاوێکی جوانی شار)ی بۆ دوورابوو، پڕ بەبەر!
ئێمە لەبەئەوەی خۆمان ئەرشیفێکی گەورەی وێنەی خێزانیمان هەیە، لەڕەسمی یەک ساڵی جەنابی باوکمەوە، کاتی خۆی بە بەردەوامی بە خێزانی، بە دیار بەرنامەی جوان و سەنگینی (وێنەکانی دوێنێ)وە دائەنیشتین.
دوێنێ شەو خوڵقی کتێبم نەبوو، بە یادی جارانەوە، گەڕامەوە ئەرشیف و دوو ئەڵقەم تەماشا کرد.
بیرمە جارێکیان ئافرەتێکی نەجیبە میوان بوو، بە ئەسڵ سنەیی بوون، ئەیوت: باوکم دایمە ئەیوت: خوا بتداتێ، دین دینی موحەممەد(دروودی خوای لێ بێت)، نان نانی گەنم، خواردن تاس کەبابی…
تەماشا چەندە هەبووە سادەکانی ئێمە، بە نیعمەت زانراوە!










